Sunday, December 1, 2013

بۆشایی، پواز، تاوان؛ بێگانە
ئەحمەد ئەمانی
Göbekli Tepe, is an archaeological site at the top of a mountain ridge in the Southeastern Anatolia Region of Turkey

ئەمە وێنەی “گوبەکلی تەپە”یە لە کوردستانی تورکیا، مێژووی بۆ ١٠ھەزار ساڵ پێش دەگەڕێتەوە. رەنگە یه‌که‌مین پەرستگای دەستکردی مرۆڤ بێت، گابەردی تێدایە کێشی دەگاتە ٢٠ تۆن!

بڕوانە چۆن ھاوشێوەی کونەمێروله‌ سازیان کردوە، واتا ئەم بینایە ئاشکرا ھاوار دەکات؛ “دەتەوێت لە ناخم چێژ بەری؟ وا بە ئاسانی نیە، دەبێت ببیتە ناسراوی شاراوەی دەروونم!”

وا بیرکەرەوە ئەمە یه‌که‌مین بیناو جێگە پەرەستینی مرۆڤ بێت، واتا یه‌که‌مین جێگەیەک کە مرۆڤ توانی تێیدا بحەوێتەوە، یانی یه‌که‌مین جێگا کە مرۆڤ توانی لەم رێگەوە ئەو بۆشایە مەزنەی نێوان خۆی‌و سروشت پڕبکاتەوە، ئەو بۆشایە تاریک‌و قووڵەی نێو زەینی مرۆڤ کە بە درزێکی بچوکەوە دەستی پێکرد، وەک چۆن درزێکی بچووک لەسەر یەخ کۆتایی نیە.

ورد بڕوانە لە دەروەی ئەم پەرستگایە؛ ھیچ نیە بێجگە لە سروشتێکی دڕندە‌و نامۆکراو بۆ مرۆڤ. لەدوای درز ھەڵگرتنی زەینی مرۆڤ، سروشت لە لای مرۆڤ ئیتر ھەمان سروشتی ئامۆزا مەیمونی نەبوو، لەمە بەدواوە؛ سروشت لە ڕوانگەی مرۆڤەوە شتێکی نامۆ بوو، چون روانین لە سروشت تێکئاڵا لە بۆسەو سۆزێکی ھەراسانکه‌ر کە لە درزە بچوکەی نێو مێشکیەوە ھەناسەی دەدا. واتا لە دەرەوەی ئەم پەرستگایه‌ ھیچ شتێک بۆ مرۆڤ بونی نەبوو بێجگە لە بیاوان! بەڵام پەرەستگاکە وەک پوازێک ئەو درزو بۆشایەی نێوان مرۆڤ‌و سروشتی پڕ دەکردەوەو سۆزە ساردەکە کە کاری لە ئێسقان دەکرد ئیتر مەجالی سۆزکردنی بۆ نەدەماوە.

ئەم دڵنیابوونەوە، ئەم حەوانەوە، ھەروا بەخۆڕایی روو نادات، ھەمدیسان بڕوانە لە وێنەکە؛ بزانە چەند ناخی ئەم بینایە شاراوەیەو بە تەنھا لە یەک رێگەوە دەتوانی بچیتە ژورەوە. خاوەن پەرەستگە وا دەڵێت؛ “وەرە چێژ بەرە، بەڵام ئەمە ناموسە، دەبێت ببی بە خۆیی، بۆ ئەوەی ببی بە خۆیی دەبێت باجەکەی بدەیت، واتا دەبێت تاوانەکەی بدەیت.” نیتچە لە کتێبی لەوپەڕی چاکە‌و باشە بە وردی باس لە تاوان دەکات، واتا تاوان ھەمان نرخی کڕینی شتەکان بوە. ھەر ئێستەش لە کوردەواریدا زۆرجار کاتی کڕینی شتێک، دەڵێین؛ “تاوانەکەی چیە؟” یان زۆر دورنەکەوینەوە، تاکوو چەند ساڵ لەمەوبەر بە بێ شیروایی، واتا بە بێ حساب‌کردنی نرخی(پارەی یان تاوانی) ئەو شیرەی(خواردەمەن‌و زۆر شتی‌تر تاکوو کچە پێدەگەشت) کە بەو کچە درابوو، پیاو بۆی نەبوو، ببێتە خاوەن ئەو بەھەشتە پڕ لیمۆیەی کە تێدا دەحەواوە!

کەواتە بۆشایی مرۆڤ بەرانبەر بە سروشت تەنھا بۆشایەکی ئاسایی نەبو، بەڵکو بۆشایەکی قوڵ بوو کە لە دوای خۆی سیستمی جوراوجۆری(پەرەستگاکان) ھاوردە دامەزاندن. بۆشایەکە ھەر رۆژ گەورەتر دەبوەوەو مرۆڤ دەبوایەت تاوانێکی زیاتری بۆ بدات، راستە مرۆڤ لە ناخی ئەم پەرستگایەدا پوازێکی بەکاری دەدۆزیەوە تاکو لە درزو بۆشایی نێو مێشکی بکوتێک‌و ئارامی کاتەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی مالیخۆلیاکە (بۆشایەکە) نەبوو، چون لە ھەمان حاڵدا کە مرۆڤ لە کوتانی ئەم پوازە(شتە پڕکەرەوەکە) دەحەواوە، پوازەکە(پڕکەرەوەکە) درزو بۆشایەکەی زیاترو زیاتر دەڕەواندەوە! وەک پوازکوتین لەسەر یەخ!

دین بۆ ئەم بۆشایە زەبەلاحە دیاردەیەکی سادەی کەشف کرد؛ “قەناعەت”. قەناعەت لەگەڵ چی؟ لەگەڵ ئەم بۆشایە دەڕەندەشتەی کە رۆژ لە دوای رۆژ ئازارت دەدا، واتا تۆ بە ھەمان مالیخۆلیاوە دابمرکێ‌و ئه‌وەندە لەو پوازە دڵخۆشکەرە حەسێنەرەوە مەدە، تاوه‌کو ناچار نەبیت باج‌و تاوانی زیاتر بدەی، دیاردەی “گوناح” لێرەوە دەستی پێکرد.

وشەی “گوناح” لە کوردیدا دوو مانای ھەیە؛ “تاوان‌و فریشەبون” واتا ئەو مرۆڤەی وا رەدوی پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە مەزنەی نێو مێشکی دەکەوت، خۆی لە خۆیدا بێ تاوان بوو، واتا بونەوەرێکی داماو و گۆناح بوو، کە گەر بەدەستی خۆی ببوایەت ئاوا رەدوی ئەو بۆشایە نەدەکەوت، بەڵام چی بکات لە سۆزو کزەبای نێو ناخی ئەم بۆشاییە كە جەرگ‌و ئێسقانی دەسوتاند؟! دین ھات ئەم بونەوەرە بێ تاوانەی کرد بە گوناح‌کار، واتا گەر تۆ نەتوانی بەر بە نەفسی خۆت بگری ئاوا تاوانباری‌و دەبێت تاوانەکەی بدەیت، دین تاوانی گواستەوە بۆ ئاستێکی دیکە، واتا تاوانی لە ئاستی نرخەوە (نرخەکەی) گواستەوە بۆ دیاردەیەکی مالیخۆلیایی بە ناوی تاوان‌و گوناح. راستی ئەوەیە کە خودی دینیش پوازێکی دیکەی سازکرد تاکوو بە دڵنیای بگات، بەڵام ماناکانی شێواند، شێواندنێک کە تاکوو ئەمڕۆ باجی دەدەین. پوازەکەی دینیش زۆری نەخایەند چون ئەویش ھەر بەھەمان شێوە لەگەڵ داکوتانی دڵنیایدا(ئیماندا) بۆشایەکەی بۆش‌تر دەکردەوە، قوڵایی دین دەگاتە عیرفان‌و عیرفانیش شێخی سەنعان‌و حەلاج‌و مەولانا بەرەیین. واتا ھەمان بونەوەرە کۆنە دوولاقەکە کە بێ گوناحە، بەڵام ئەمجارەیان باجی پوازێک دەدات کە ساڵھایە تەقالادەکات دەری بێنێت. دەرھاوردنی پواز بێسودە، چون پوازەکان ھاوشێەی ددان خۆیان لە ناخەوە پوک دەبنەوەو لە دوای خۆیان بۆشایەک بە جێ دەھێڵن کە ئێستا تەنھا یەک شتی جیاوازی تێدایە؛ ئەویش ھیچ نیە جوز رەھابون‌و دادڕاوتربونی بۆشاییەک کە بۆشترە لە بۆشایەکەی پێشوتری! نیتچە دوای بانگه‌وازی مەرگی خودا ھەستی بەم بۆشایە ھەراسناکە کرد بۆیە ئاشکرا رایگەیاند؛ “پێوێستە ھەرچی ھەتیوە بۆ خۆی باوکێک بدۆزێتەوە!”

ئێستە ئێمە بە خوێندنەوەی ئەم وێنە کۆنە، دوو شتمان لە بەردەستدایە: یەکەم؛ ئاخۆ بڵێی ئێستا لە دوای ھەزاران ساڵەوە بۆشایی نێوان ئێمەو سروشت چەندھا قوڵ‌و تاریک‌و ھەراسناک بوبێت، ھەرگیز بیرت کردوەتەوە بۆ چی مرۆڤ رۆژ لە دوای رۆژ لە سروشت دور دەکەوێتەوەو لە ھەمان حاڵیشدا بەردەوام تەمانای دەکات؟ فرۆید دەیوت؛ “سێکس بە ھێزترین نەفسی مرۆڤەو لە ھەمان حاڵدا سەرکوت‌کراوترین نەفسیشیەتی!” ھەمان بۆشایی یەکجار قوڵی نێوان مرۆڤ‌و سروشت کە ئێستا بە “شەرم” ناوی دەبەین، گەر بەرانبەرەکەمان مەحرەمیشمان بێت ئاوا زۆر ئەستەمە راشکاوانە تەمەنای خەوتنی لەگەڵ بکەین، زۆرکەس پێی وایە مرۆڤی ئەم سەردەمە زۆر زیاتر لە باپیرانمان لە سێکس چێژ دەبات، بەڵام بەپێچه‌وانه‌وه‌ باپیرانمان زیاتر چێژیان بردوە، چونکه ‌مرۆڤی سەرەتایی بۆشایەکەی کەمتر بووە، کەواتە زۆر زیاتر لە ئێمە چێژی لە سێکس‌و دیکەی نەفسیاتی دەبرد. کێشە قورسەکە لێرەدایە کە رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بۆشایە بۆش‌تر دەبێتەوەو ئێمەش ناچارین کاتێکی زۆر زیاتری تەمەنی کورتمان بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشایە تەرخان بکەین، دواکەوتنی تەمەنی زەواج بۆ نزیک 40 ساڵ رێشەی لەم بۆشایەدایە!

دووھەم؛ بۆشایی نێوان مرۆڤ‌و سروشت بە درێژایی ئەم ھەزاران ساڵە جۆرەھا سیستمی ھاوشێوەی ئەم پەرستگا کۆنەی سازکردوە. واتا مرۆڤ رۆژ لە دوای رۆژ ھەستی کردوە کە پوازە نوێکە ئیتر دڵنیای ناکات‌و رەدوی پوازێکی نوێ‌تر دەکەوێت، یانی ھەمان بیرۆکەی ژاک لاکان کە دەیوت ئێمە خەیاڵێک، سەودایەکمان لە لەزەت(چێژبردن) ھەیە کە ھەرگیز پێی ناگەین، واتا ھەمان ئان‌و سات، ھەمان ساتەوەختی زۆر دەگمەنی نێو ژیانمان کە ھەست دەکەین بە خۆشی دڵمان گەشیتوین؛ خولیاکەمان، خۆشیەکەمان، حەوانەکەمان لە کیس دەچێت. بەڵێ، مرۆڤ خاوەن سەرەتایەکە، بەڵام گەر ئێمە بشگەڕینەوە بۆ ھەوەڵ رۆژی سەرەتا ئاوا ھەمدیسان لە 100دا 100چێژ نابەین، چونکه‌ ھێشتا خاوەن ھەمان بۆشایی سەرەتایین، مەگەر ئەوەی ببینەوە بە ئامۆزا مەیمون کە ئەویش ناکرێت، چون پەیمانە شکاوەو مەی بڵێ چی؟ ھەر بۆیە حافزی شیرازی‌و زۆربەی ئێمە تەمەنامان لەوەیە کە ببین بە بوونەوەرێکی لامرۆڤ، واتا بگەڕێنەوە بۆ بەھەشتی سروشت، ئەوبەھەشتەی کە لێی دەرکراوین. (من مرغ باغ ملکوتم/آدمم آورد برین دیر خرابات).  

با بگەڕێنەوە بۆ لای پەرەستگاکە؛ ھەزاران ساڵە کە خاوه‌ن پەرستگاکە باجی خۆی دەسێنێت‌و خۆیشی ئالودەی ژیانێکی مالیخولیایە کە ھەمان پوازی پەرەستگاکەی خۆی لە بۆشایەیەکەی خۆی کوتاە، بەڵام ئەم خاوەن پەرەستگایه‌ نازانێت کە خودی ھەمان پواز، بۆشایەکەی بۆشتر کردووەتوە، ئەمە ساتە وەختێکی گرنگە، چونکه‌ ئەم ھەڵە مەزنە وا لەو پیری مەیخانە دەکات تاکوو دیوارو چەندین دیواری ئەستەمی دیکە لە دەوری ناخی پەرستەشگاکەی بکێشێت، تاکوو بێگانەکان زەفەری پێنەبەن‌و زەربی لێ ندەن. سەرتای باج سەندن، تموحی مادی نەبووە، بەڵکوو بە پێچه‌وانه‌وه‌ خاوەن پەرەستگاکە باجی دەسەند تاکوو دڵنیا بێت مرۆڤە نەخۆشەکە بۆ شێواندن نەھاتوە، واتا تەنھا رێگەی خاوەن مەیخانە کە “خۆیی” لە “بێگانە” جیابکاتەوە ئەوە بوو کە بزانێت تۆ چەند تاوانی ناخی پەرستگاکە دەدەیت، ئەمە باجی ھەمان بە “خۆیی” بوونە دەربەرابەری ناموس، ئەو ناموسەی کە رەنگە تۆ بێگانە بیت بۆی‌و دەبێت بیسەڵمێنی کە بێگانە نیت. ھەر بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ ئەم باجە گرانتریش دەبێتەوە.

ئەو کتێبەی “کارل پوپه‌ر” بە ناوی “کۆمەڵگای کراوە” نوسیویەتی ھیچ نیە بێجگە لە کێشانی دیوارگەلی ئەستەم بە دەوری پەرستگەی سەرمایەداریدا لە ژێر ناوی پاراستنی کۆمەڵگای ئازاد، ئەم باجدانە لە سەردەمی ئێمەدا تاکوو ئەو رادە گەیشتوە کە تۆ بۆ ئەوی ببیتە ئەمریکی دەبێت ھەوەڵ لە عێراق‌و ئەفغانستاندا شەڕ بکەی، جا گەر زیندوومای ئەوە شایانی گرین‌کارتی ئەمەریکیت! ھەڵبەت گەر دیواری سەرمایەداری سافەو مەجالێک بۆ سەرکەوتنی تێدایە، ئاوا دیوارە قۆزەکانی کۆمۆنیست پڕە لە درک‌وداڵ‌و وردە شیشە کە گەر لێی سەرکەوەی ھەموو گیانت ئەنجن ئەنجنیش دەکات.

ئێستا تەنھا یەک پرسیار ماوە؛ ئەو بێگانە کێیە، مەگەر بێجگە لە مرۆڤی دوو لاق بونەورێکی دیکەی خاوەن بۆشایی ھەیە؟ نەخێر، بێگانەکە ھەمان مرۆڤی پوازلێدراوی پەرەستگاکەیە، بەڵام بە سوسەیەک لەم بۆشایە ھەراسناکەی روانیەو تێگەشتوە کە سۆزە جگەرگۆشەکە ھەر لێرەوە دێت، واتا پوازەکە ئیتر بێ کەڵکە. ئەمە ھەمان بێگانەیە کە ھەزارانجار شاربەدەریان کردوە تاکوو واز لە پیشەی بێگانە بون بھێنێت، بەڵام ئەو دەیەوێت حەقێقەتە مەزنەکە بڵێت کە پوازی خاوەن پەرستگاکە ئیتر ھێزی بەرگری‌و پڕکردنەوەی ئەم بۆشایەی نەماوە.

بێگانە دەزانێت پڕ کردنەوەی ئەم بۆشایە ھەراسانکه‌ره‌ بێسودە ھەر بۆیە ھەر کات لێی بپرسی : تۆ چی دەڵێت، ئەو دەڵێت؛ “حەقێقەتێکی گەورە دەبینم، سۆزێکی سارد لە ناخمەوە ھەڵدەقوڵێت!”و کەس لێی تێناگات.

بێگانە ئەو شاربەدەرە دەرکراوەیە کە لە دەرەوەی ئەم پەرستگایه‌ دەخولێتەوەو ھەر ھەمومان لێی دەترسین، چونکه‌ حەقێقەتی بەلاوەیەو بەڵام کەسمان توانمان نیە قەرەی کەوین. بێگانە ئەو کەسەیە کە ساف‌و بێ باک لە نێو چاوانمان دەڕوانێت‌و دەڵێت؛ “مەحاڵە لێم نزیک بکەوی پەنجە نەخەمە سەر ئازارەکانت، مەحاڵە ھەرگیز شتی وا روو نادات، کەواتە یان لێم نزیک مەکەوە یان زۆر بەھه‌ستیاری لێم نزیک کەوە.” بێگانە بە تەواوی مانا قارەمانەکەی رۆمانی بێگانەی “ئەلبر کامۆ”یە. ئەو بێگانەی کە تاوانی بێگانە بونی دەدات، بێگانە بون تەنھا ساحەتی باج‌و تاوانی مرۆڤە کە ھەرگیز تاوان‌دانی بۆ پوازلێدان نەبوە.


No comments:

Post a Comment