Saturday, December 7, 2013

چۆنیەتی قووڵایی ستراتیژیک لە نێوان کورد-ئێراندا
تکایە ورد بیخوێنەرەوە، دڵنیام دەت ھەژێنێت

ئەم یادداشتە ھان دەدات وڵامی پرسیارێکی ریشەیی بداتەوە کە رەنگە گەر وڵامی ئەو پرسیارە پەیدا نەکەین ئاوا کورد ئاڵۆزیەکی مێژوویی دیکەی بەسەردا بێت؛ بە نیسبەت کوردەوە وڵاتی ئێران چ وڵاتێکە؟ با پرسیارەکە بەم جۆرە بپرسم بۆچی لە 50 ساڵی رابردوودا سەرەڕای کێشەی کوردی ئێران، وڵاتی ئێران پشتیوانی کوردی ھەر 3 پارچەکەی دیکە بووەو بە عەکسیشەوە کوردیش پشتی ئێرانی گرتووە؟ بۆچی ھەرگیز زل ھێزێک بە ناوی تورکیا بۆ چرکە ساتێکیش بووە پشتی کوردی ئێران کە ناکۆکە لەگەڵ دوژمنە مێژوویەکەی، نەیگرتووە‌و بەعکسیشەوە لە پرسێکدا بە ناوی کورد ھانی داوە ھاوکاری تەواوی ئێران بکات؟


با نەختێک روون‌و ئاشکارا پرسیارەکە بپرسم، گەر وڵاتی ئێران نەبوایە بارزانیەکان تەرمی نەمر مەلا مستەفایان لە کوێ بە ئەمانەت بە خاک دەسپارد؟ بەڵێ ئاشکرا روونە لە سیاسەتدا ھەستی مرۆڤانە حوکم ناکات کە ئێستە کورد خۆی بە قەرزاری ئێران بزانێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ وڵاتی ئێران سەرەڕای کێشە لەگەڵ کوردی خۆیدا بە درێژایی 50 ساڵ پشتیوانی کورد بووە؟ ئایا لەبەر مرۆڤ دۆستی؟ روونە شطی وا لە ئارادا نیە. کەواتە چ شتێکی ناڕوون لە نێوان کورد-ئێراندا بوونی ھەیە کە وەھا بە زۆرملی پێکەوە گرێیان دەدات؟ لە رابردووی پارتی‌و ئێستەی کوردی سوریا چاوپۆشی بکەین، ئیتر ھەموومان دەزانین پ.ک.ک‌و یەکیەتی چیھا تێکەڵاوی ئێرانن.

بۆچی کوردی تورکیا‌و عێراق ساڵھا خەباتی چەکداریان کرد، بەڵام ھیچ کۆڵیان نەداو لە دەرەنجامدا ئاوا ھەرسی باشیشی بۆ بەدی ھاورد، بەڵام بۆچی کوردی ئێران ناوناو خەباتی چەکداری کردووەو دواتر دەستی لێکێشاوە؟ شەڕنەکردنەکەی قازی بەرانبەر بە سپای ئێران بۆ تاکوو ئەمڕۆ ھەر بەردەوام تێکرار دەبێتەوە! ئایا کوردی ئێران ترسەنۆکە؟ ئاشكرایە ئەم وڵامە گەوجانەیە! بۆ نموونە دواھەمین خەباتی چەکداری پەژاک، دوای ماوەیەکی کورت لە لایەن خودی پەژاکەوە ھەرسی ھێنا؟ بۆ پ.ک.ک 35 ساڵ(بە ئێستەشەوە) ئازایانە شەڕی ناتۆ دەکات‌و کۆڵی نەدا، بەڵام ھەمان پ.ک.ک لە ئێران لە دوای ماوەیەکی کورت دەگاتە ئەو قەناعەتە شەڕی ئێران ھەڵەیە؟ بۆ کوردی سوریا وەھا خێرا دەبێتە ھاوپەیمانی ئێران‌و ئەسەد. ئینجا سەیرە بۆ ئەمریکا بە کردەوە دژایەتی کوردی سوریا نکات لانی کەم لەبەر دڵی تورکیای ھاوپەیمانی؟

با پرسەکە نەختێک ئەمڕۆیی‌تر بکەینەوە؛ بۆچی تورکیا لەپڕ درکەی بۆ کورد کردووەتەوە؟ چی قەوماوە، ئایا نەوتی ھەرێم، تورکیای شەیدای خۆی کردووە؟ ئایا تورکیا نەیدەتوانی بە ئاسانی لەگەڵ بەغدا رێکەوت بکات، ھەم لەسەر کورد ھەم لەسەر نەوت؟ مەگەر لە 50 ساڵی رابردوودا نەوتی عێراق‌و کورد بە تورکیادا تێپەڕ نەدەبووە؟ کەواتە نەوت بۆ تورکیا شتێکی نوێ نیە کە ئێستا بڕێک لایان وایە تورکیا لەبەر نەوتی کورد وا خۆی ماڵوێران دەکات؟ کەواتە بۆچی تورکیا وەھا باوشی بۆ کورد(ھەرێم) کردووەتەوە؟ با پرسیارەکە بەم جۆرە بپرسم تورکیا لە 2003 بەم لاوە چی دۆزیوەتەوە کە دەیەوێت بەر ھەر نرخێک بووە کورد بخاتە بەرەی خۆیەوە؟ بەڵام بۆ ئەمریکا سەرەڕای ھاوپیمانی تورکیاو ئەورووپا دەیەوێت کورد لە بەرەی ئێراندا بمێنێتەوە؟

ھەموو ئەم بابەتانە بەستراون بە وڵاتی ئێرانەوە، واتا بەستراون بەو قووڵایە ستراتیژیەی نێوان کورد-ئێران کە ساڵھایە بە نەھێنی ماوەتەوەو بە زۆر کوردو ئێرانی پەلراکێشی ھاوپەیمانی کردووەو لە داھاتووشدا ھەر بە زۆر دەیانکاتە دۆست! ئێستا کێشەی لایەنێکی یەکیەتی کە لە  پشتی ئێرانە‌و پ.ک.ک لەگەڵ پارتی دەقێق ھەڵقوڵاوی ئەم ستراتیژییە ھاوبەشەی نێوان کورد-ئێرانە. کێشە ئەوەنیە ئەم لایەنانە دژی کوردستانی سەربەخۆن بەڵکو کێشە ئەوەیە کە ئەم لایەنانە تێگەشتوون کە ناتوانن دەست لە ئێران بشۆرنەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ ناتوانن؟

دڵنیام ئێرانیەکانیش ھەرگیز وەھا بە قووڵی ستراتیژیکی نێوان کورد-ئێران پەیان نەبردووە ئەگەرنا زۆر زووتر کارێکیان دەکرد شێعەی عێراق لەگەڵ کورد کۆک بێت‌و تەنانەت نێو ماڵی کوردیشیان پێ رێک دەخست(ھەرچەند کورد خۆی دەبێت ئەو کارە بکات). چەند کورد لای وایە ھاوکاری ئێران تاکتیکیە ئاوا دڵنیام ئێرانیش وەک کورد لای وایە ھاوکاری کورد-ئێران بۆ ساتێکەو تاکتیکە، بەڵام تاکتیک ھەرگیز 50 ساڵ ناخەیەنێت‌و ئینجا کۆتایەشی نادیارنیە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ھاوکاری مێژووی کورد-ئێران کۆتایشی نادیارە! ئەمە ھەمان قووڵای ستراتیژیکیە، بەڵام چی ئەم قووڵاییە ستراتیژیەی نێوان کورد-ئێران پێک دەھێنێت. مەبەست لە قووڵای ستراتیژیک بەرژەوەندی ھاوبەشی نێوان کورد-ئێرانە نەک مێژوویەکی ھاوبەش، مێژووی ھاوبەش وەک چۆن پان ئێرانیەکان جەختی لەسەر دەکەن توڕەھاتە ھەر بۆیە ھەرگیزیش نەیتوانیوە ھیچ بۆ کورد-ئێران بکات، داوای لێبوردن لە نووسەران کە ئەمە دەڵێم، بەڵام ئەم مێژووە ھاوبەشە تەنھا بۆ خۆش کردنی شەوە شێعرەکان کەفایەت‌و بەڕ دەکات نەک زیاتر!

لەم یادداشتەدا ھان دەدرێت تاکوو وردە وردە بە خوێندنەوەی واقعەکان، لە کۆتایدا قووڵترین خاڵی ھاوبەشی کورد-ئێران بخرێتە روو کە گەر بە عەقڵەوە مامڵەی لەگەڵ بکەین لە مامناوەندا ھەموو کێشەکانی نێوان کورد-ئێران چارەسەر دەکات.

خاڵی یەکم: ئەزموونی ھەرێم
کوردی ھەرێم تا رادەیەک ھاوشێوەی کوردی ئێرانە بە تایبەت لە رووی ژئۆپۆلۆتیکی دانیشتوانی عێراق‌و ئێرانەوە. کەواتە ئەزموونی کوردی عێراق بۆ ئێران زۆر کاریگەرە. زۆر سادە کوردی عێراق زیاترین خەباتی چەکداری‌و گیانی لە عێراقدا دا تاکوو ئەمڕۆ بێتە دی، بەڵام سەدام بۆ 24 شیعە لە دار درا نەک 182 ھەزار ئەنفاڵ‌ و باقی کارەساتەکانی دیکە! شێعە زیاترین پێکھاتەی عێراقە بە کەمترین خەباتەوە، بەڵام زیاترین دەسکەوتی بووە. زۆر ئاسانە باشە کاتێک کوردی عێراق باج دەدات، بۆ شیعە بیدات؟ دوا رۆژیش خۆ ئاشكرایە زۆرینە حوکم دەکات. ئەم ئەزموونە تاڵەی ھەرێم وەک دووڕێکی گرانبەھایە بۆ کوردی ئێران! باشە بۆ ئازەری‌و عەرەب لە ئێراندا ھیچ ناکەن و بەردەوام خەریکی ئاوەدان کردنەوەی وڵاتی خۆیانن‌و دوا رۆژ لە ھەر ئەگەرێک زیاترین سوود دەبەن، بەڵام کورد ئاوا لەم ئەزموونە تاڵەی کوردی عێراق سوود نابات‌و ئاوا تاوناتاو ھیچ کە شاخەکانی خۆی دەداتە بەر تۆپباران ئاوا ھەرگیز تاران ھچیش بۆ ئاوەدانیەکەی ناکات؟ تاکەی دەبێت تاقمێک بە ناو قارەمانی‌و خەباتەوە لە وەھا سیلکلێکی عەبەسدا بمان گێڕن‌و ئینجا لە دەرنجام ھەر ھەمان کارەسات پێژەکان ببنە قارەمانی گەلیش؟ بۆ نابێت کورد توانی ئەوەی ببێت بیر لە دوا رۆژی خۆی بکاتەوە؟

خاڵی دووھەم: سەرەی کورد-فارس
گەر ھەر ئەم ژئۆپۆلۆتیکی جەمعیەتە(دانیشتوان) بە وردی لێک بدەینەوە، خاڵێکی قورسی ھاوبەشی نێوان کورد-ئێران دەدۆزینەوە. لە جیھاندا زیاتر لە 450 ملوێن عەرەب بوونی ھەیە(بەدەور کورد‌و فارسەوەن)، لە جیھاندا زیاتر لە 500 ملوێن تورک بوونی ھەیە(بەدەور کوردو فارسەوەن) کورد لە ناوچە 40 ملوێنە( بە زۆرە ملی ئاماری خۆمان) فارس لە ئێراندا ناگاتە 30 ملوێنیش(بە زۆرە ملی ئاماری خۆیان) یانی دوو میلەتی کەم لە رووی دانیشتوانیەوە لە نێوان دوو ملەتی فرە سەری تورک‌و عەرەب.

پرسیار؛ ئایا ئەم ژئۆپۆلیتیکی جەمعیەتە وا ناکات‌و وای نەکردووە کە کورد-ئێران ناچارەن بە درێژایی مێژوو و لە ئایەندەشدا پشتی یەکتری بگرن؟ ئایا کوردی ئێران رچاوی سوریا ناکات کە چۆن دوای ئاڵۆزیەکی سادە کوردی سوریا‌و عەلەویەکان ناچارەن پشتی یەکتریان گرت، گەر کوردی سوریا‌و عەلوەیەکانی سوریا زووتر‌ بەم شتەیان بزانیایەت‌و عەقڵانی ھەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکردایەت ئایا کوردی سوریا سوودی زیاتری نەدەبرد؟ کوردی ئێران دەیوێت لە کێ بدات‌و بۆ کێ؟ ھەرگیز بیری لەم پرسیارە کردووەتەوە؟

خاڵی سێھەم: دوا ئێران
گریمان ئێرانیش وەک سوریای بەسەر ھات‌و شێوا، ئینجا پرسیار ئەوەیە چی روو دەدات؟ دوو حاڵەتی ھەیە ئێران یان دەکوێتە ژێر رکێفی عەرەب‌و تورکی ئێران چون خاڵی ھاوبەشی دژە کوردو فارسیان ھەیە، ئینجا زۆربەی سروەتی ئێران لە ناوچەی ئەم دوو رەگزە سەرەکیەی ئێرانەدایە(تورک لە ئێراندا زیاترین جەمعیەتی ھەیە) یان ئێران دابەش دەبێت بۆ چەندین وڵات، واتا کورد بە دەستی خۆی وڵاتێکی لاوازی فارس سازدەکات کە ھیچ سروەتێکی نیە، ئینجا دەستی بە ئاوی ئازاد واتا کەنداوی فارسیش ناگات چون بەلووچ‌و عەرەب بەسەریەوەن.

کارەسات‌تر ئەوەیە کە بە دابەشکردنی ئێران، دوو وڵاتی نادۆستی بە ھێزی دیکە، یانی ئازەربایجان لە باشور‌و عەرەبی(خاوەن نەوتی ئێران) بە ناوچەکە ئیزافە دەکات کە روونە دژایەتی ھەمووجۆرە ھەژموونێکی کورد دەکەن! واتا با روون بپرسین کوردی ئێران بە ئاواتی دابەش بوونی ئێران خەریکە چ دوارۆژێک ھیچ بۆ خۆی بەڵکو بۆ ھەموو کوردی ناوچەکە سازیدەکات؟ با ئاشكرا بپرسین مەگەر کورد لەم ماوەدا دوژمنایەتی تورکی ئێرانی بەرانبەر خۆی نەدیوە؟ مەگەر ئەوان پێداناگرن کە تاکوو ئیلام تورک نشینن؟ خەریکی چین؟ خەبات بۆ کێ دەکەین؟ بە پێچەوانەش لەگەڵ ناوەند زۆر کۆکن‌و ھەر رۆژ وڵاتی خۆیان ئاوەدان دەکەنەوە، خەبات بۆ بکەن؟ کوردی ئێران ئەوەنیە شەھید بۆ دوا رۆژیان دەدات؟ تاکەی ئێمە دەبێت سانتیماڵیسم سواری رووداو و واقعەکانمان بێت؟

لە تورکیا خەباتی چەکدار رەوایە چون کورد ھەرچی بکات دوا رۆژ بۆ خۆیی کردووە چون پێکھاتەی سەرەکین(20 ملیۆن کوردن) واتا ھیچ پێکھاتەیەکی بە سەرە زیاتر لە کورد لە تورکیا بوونی نیە دوارۆژ دەسڕەنجی کورد بە ناو زۆرینە بۆ خۆی کۆبکاتەوە!

خاڵی چوارم: کام کوردستان
ھەمدیسان گریمانە بکەین، بزانین گەر کوردستانی گەورە پێک ھات چ روودەدات؟ ناوچەکە 500 ملوێن تورکی ھەیە، ئەمە یانی پشتێنی باکوری تورک کە بەسەر کوردەوە خوایی دەکات(وڵاتی کورد دەستی بە ھچ ئاوێکی ئازاد ناگات بەزۆر ناتوانین نیشتمانی خەڵک داگیربکەین لەبەر ئەوەی ئێمە دەستمان بگاتە ئاوی ئازاد یان خۆمان بە نەخشەیەک بخڵەتەنین) ھەروەکتر 450 ملوێن عەرەبی ناوچەکە لە باشوری کوردستاندا وەک پشتێنی باشور بوونیان دەبێت. کوردستانی گەورە تەنھا لە رۆژھەڵاتەوە ئەویش بە بڕێکی کەم دەبێتە ھاوسنووری وڵاتێکی فارسی بچووکی بێ سەروەت کە خۆی ئەوکات گیرۆدەی پشتێنی ھەمان تورکانی باکور‌و عەرەبی باشورە. ئیتر دەستی بە ھیچ ئاوێکی ئازادیش ناگات چون کەنداوی فارس ھیچ فارسێکی بەسەرەوە نیە! ئەم وڵاتە لاوازە فارسەش تەنھا لە رۆژھەڵاتەوە بەستراوەتەوە بە پاکستان‌و ئەفغانستان ئایا ئەمە دەبێتە رێگەی کاڵاو تیجارەتی جیھانی بۆ کورد. کورد لە نێوان مەنگەنەی باکوری تورک‌و باشوری عەرەب دەیەوێت لە کوێوە لەگەڵ جیھانی ئازاد ئیش بکات؟

دوو وڵاتی فارس‌و کوردی قەتیس کراوی بێ ھێز، دەقێق ھەمان شتە کە ئەمریکا نایەوەێت رووبدات، ئەمریکا ھیچ کە لە مامناوەند پێ خۆشە کورد لە بەرەی شیعەدا بێت (چوون بەرەی شێعە کەمە نایەوێت لە بەرانبەر بەرەی سونە کۆڵ بدات ئەگەرنا شیعە نەبێت سونە بە خۆی‌و یەک ملیار کەسیەوە ھەموو جیھان قوورت دەدات)، ئاوا ئەمریکا بە روونی دەزانێت کە لە داھاتوودا کوردستان‌و فارسستانێکی لاوازی قەتیسکراو ھیچ بە سوود نیە، ئەمریکا دوو وڵاتی بێ ھێزی سەربارە ملی بۆ چیە؟ ئەم دوو وڵاتە قەتیسکراوە ھەرچی ئەمریکا دۆستیش بن، ئاوا ھەرگیز ناتوانن بەرژەوەندی خۆیان بپێکن چ بگاتە بەرژەوەندی ئەمریکا. بۆ نموونە ئەمریکا چی بکات لەگەڵ وڵاتی ئەرمەنی مەسیحی قەتیسکراو لە لایەن تورکەوە؟ با وا بپرسین، ئەرمەنی مەسیحی رۆژئاوا دۆست چی بۆ دەکرێت تاکوو بەرژەوەندی ئەورووپاو ئەمریکا لە دەریای خەزەر بپارێژێت؟ راسیتان دەوێت ھیچ، دەقێق ھەر بەم ھۆیەیە کە ئەمریکا لەبەر دڵی تورک بە خۆی ئەو ھەموو زلھێزیەوە ناچارەو ناتوانێت تەنانەت دان بە رەشکوژی‌و ژینۆسایدی 100 ساڵ لەمەوەبەری ئەرمەندا بنێت.

ئێستا ئەمریکا چی بکات لە دوو وڵاتی لاوازی فارس‌و کوردی قەتیسکراوە، باشترە وا بپرسین ئەمریکا بۆ دەبێت دوو وڵاتی لاوازی سەباری ملی خۆی سازبکات؟ دوو وڵاتی لاواز کە بۆ ئەوەی درگای تجارەتیان بۆ بکرێتەوە ناچارن مل بە ھەرچی شت‌و داخوازی تورک‌و عەرەبی ناوچەکەیە بدەن؟ کەواتە کێشەی ئەمریکا سەربەخۆی کورد نیە بەڵکو شێواندن‌و لاوازکردنی قووڵایی ستراتیژیکی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە واتا ئێران، ئێران چەند قووڵای ستراتیژیکی کوردە ئەوەندەش قووڵای ستراتیژیکی ئەمریکاشە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. ھەر بۆیە 30 ساڵە لەگەڵ ئێران سازشت دەکات ئەگەرچی عالەم ئاشکرا تاران دژایەتی ئەمریکا دەکات! ھەر بۆیە ئێستەش دڵگرانە لە ئابلۆقەی ئابووری ئێران‌و ھەموو حەولی خۆی دەدات تەحریمەکانی خۆی دژ بە ئێران لەناو ببات.

لەم رەھەندەوەیە کە تێدەگەین بۆچی ئەمریکا دەستی ئێرانی لە عێراق بازکردووەو دژایەتی نووری مالکی کە ھیچ، ھین ھیچ شیعەیەک ناکات. ئەمریکا بە باشی دەزانێت کە تاکوو 20 یان 30 ساڵی دیکە کە خولیای دینی بوون لە ناوچەکە ببڕێت نیازی بە دوو ھێزی شیعە‌و سوونە ھەیە کە دەبێت یەکتری کۆنتڕۆڵ بکەن واتا ئێران قووڵاییە. ئینجا دوای تێپەڕانی ناوچە لە خولیای دین تازە نێۆناسیۆناڵیسمی تورک‌و عەرەب سەر ھەڵدەداتەوە کە دووبارە نیازی بە ناسیۆناڵیسمی ئێران‌و کوردە، واتا ئێران تاکوو کۆتایی قووڵایی ستراتیژیکی ئەمریکایە، ھەر چۆن بۆ کوردیش ھەیە.

خاڵی پێنجم: ئێران‌و کوردستان
ئەم شتانەی کە لەم یادداشتەدا ھاتووە بە تاکیید لە لایەن زۆر کەسەوە ھەستی پێکراوە، بەڵام روون نیە بۆ کەس بە ئاشکرا جورئەتی ئەوەی نەبووە باسی بکات. رەنگە لەوەی کە کوردی ئێران ئاشبەتاڵ ببێت‌و ھەست بە ناھۆمێدیەکی گەورە بکات کەس بەم جۆرە روون باسی نەکردووە. بۆ نموونە محەمەد قاضی وەرگێڕ بە ئاشكرا لە پێشەکی کتێبێکیدا باس لەوە دەکات کە کوردی ھەر 3 پارچەکەی دیکە دەتوانن بلکن بە ئێرانەوە! ئێمە زۆر باش دەزانین کە ئەمە خەیاڵە شتی وا رووش بدات، کورد نایکات. ئەی کەواتە محەمەد قاضی بە خۆی‌و ئەو ھەموو ئاگادارییەوە، ئەوەندە خاوە قسەی وا خەیارپڵاوی بکات؟! مەحاڵە، کەواتە لەبەر چی قسەی وای کردووە؟ ئاشكرایە مەبەستی قاضی چیە؛ کوردی ھەر 3 پارچەکەی دیکەی کوردستان دەتوانن ببنە وڵاتێکی دسەربخۆ، بەڵام بە بێ کوردی ئێران، واتا بە بێ دابەش کردنی وڵاتی ئێران دەبێت کوردستان سازبێت! چون ھەر وەک وتمان دابەش بوونی ئێران دقاودق دژی خودی کوردە ئیتر جیھان با ھەر بێستێت. بەڵام کوردستانێکی پشت ئەستوور بە ئێران ھیچ مەحاڵ نیە بەڵکو زۆر زلھێزی دونیاشی لەگەڵدایە، بۆچی؟ چون چەندین وڵاتی تورکی لە ناوچەکەدا بوونیان ھەیە، واتا ھەژموونی تورک زیاتر لە رادەی خۆی دەرچووە و دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، کەواتە دابەش بوونی تورکیا لە بەرژەوەندی جیھاندایە بە تایبەت ئەورووپا، ھەروەکتر وڵاتی عەرەبیش زۆرە، واتا ھەژموونی عەرەبیش لە ئاستی خۆی دەرچووە بە تایبەت لە 20 ساڵی ئایەندەدا کە خولیای دین(وەک ئێرانیەکان ئێستەو 30 ساڵ لەمەوبەر) کەمڕەنگ دەبێتەوە شیعە‌و سوونەی عەرەب بە گەرمی پشتی یەک دەگرن(ئێران ئەمە زۆر باش دەزانێت چون تەجرووبەی حماسی فەلەستینی کرد، بەڵام لە کورد زیاتر دەترسێت چون ھەردووکیان وەک تاکتیک پشتیوانی یەک دەکەن) کاتێک شیعەی عەرەب‌و سونە پشتی یەکیان گرت، ئیتر کۆنتڕۆڵی ھەژموونی عەرەب زۆر ئەستەمتر دەبێتەوە، کەواتە جیھان نیازی بە ئێرانێکی بە قووەت‌و کوردێکی بەقووتە. ئەوەی کە ئیسرائیل پشتیوانی کورد دەکات لەم رووەوەیە، بەڵام ئیسرایڵ ھەرگیز پشتیوانی کوردی ئێران ناکات ھەر چۆن لەم 30 ساڵەدا ھەرچەند ئێران دووژمنی سەرەکی ئیسرائیل بووە، بەڵام ھەرگیز پشتیوانی کوردی ئێرانی نەکردووەو نایکات، کەس بە دەستی خۆی گۆڕ بۆ خۆی ھەڵناکەنێت.

ئەمە بە ئاشکرا پێمان دەڵێت کە ئێران تەنھا لە یەک رووەوە ئامادەیە ھاوکاری کوردستانی ھەر 3 پارچەکەی دیکە بکات، تەنانەت ناچارە ھانیش بدات ئەو 3 پارچە بکاتە یەک وڵات کە دڵنیا بێت قووڵای ستراتیژیکی کورد-ئێران ئەوەندە قورسە کە ھەرگیز کیان‌و یەکپارچەیی ئێران ناخاتە مەترسیەوە. ئەمەش ئێستە روونە واتا ھەرچی کورد لە دژی ئێراندا بیکات وەک تفی سەرباڵا وایە، راست نێوچاوی خۆی دەگرێتەوە، بەڵام کێشە ئەوەیە کە نە کورد و ئێرانیش ھەرگیز ئاوا ورد ئەم ستراتیژییە قوڵەیان نەدۆزیوەتەوە ئەگینا دڵنیابن ھەر ساڵی 2007 سەھلە، ساڵی 2005 مادەی 140 لە لایەن بەغداوە جێبەجێ دەبوو. ئینجا دۆخی کوردی تورکیاش ئێستە زۆر خۆشتر لە ئێستە دەبوو.

ئەرمەنی مەسێحی‌و کورد لەسەر پرسی ئێران زۆر لەیەک دەچن، ھەر دوو وڵات بەستراونەتەوە بە ئێرانەوە واتا ئێران قووڵایی ستراتیژیکی ھەردووکیانە، ھەرگیز سرنجت داوە بزانی بۆچی ئەرمەن ئەوەندە پشتیوانی کوردانی دیکەدەکات، بەڵام دەربارەی کوردی ئێران ھیچ نادرکێنێت؟!

خاڵی ششم: بۆ تورکیا وەھا باوشی بۆ کورد کردووەتەوە
ئیستا دەبێت ئەم پرسیارە دووبارە بکەینەوە؛ بۆچی تورکیا بە یەکبارە ئاوا خێرا درگای روو لە کورد کردەوە؟ خۆ تورکیا زۆر باش دەزانێت کوردی ھەرێم کە ھیچ، ھەموو جیھانیش لە دوای دابەش کردنین! کەواتە بۆ ھێشتا ھاوکاری کورد دەکات نەک بەغدا؟ ئایا ناچارە؟ بەڵام لە 2003 بەم لاوە بە چێ زانیەوە کە ناچار ملی داوە دەروازەکانی روو لە کورد بکاتەوە؟ ئەمە خاڵی گرنگی ھەموو ئەو رەفتارانەی ئێستای تورکیایە. تورکیا ساڵھایە لەسەر ستراتیژی "دەروازە" دژ بە کورد کاری کردووە، ئینجا ئەم ستراتیژە وڵامیشی داوەتەوە ئەوەتا کورد ھێشتا لە بیری درکەیەکدایە ھەر بۆیە ھەرگیز تەنانەت لە کاتی کۆڕەودا کە نائینسانی‌ترین کارەسات بوو ئیزنی نەدا تەنانەت پاروویەک نان بگاتە دەست ئاورەکان. ئەی بۆ ئێستە درگەی کردووەتەوە؟ بۆچی تورکیا ناچار بووە ستراتیژی خۆی واتا دەروازەکان پێشێل بکات؟

تورکیا لەسەر ھەمان ستراتیژە، واتا دەیەوەێت ھەمان پشتێنی قورسی باکورو باشور بە دوەر کوردی عێراق‌و ئێراندا بکێشێت. واتا تورکیا تەنھا کاتێک دەکوێتە دۆخی بەقووەت‌و ئەفسانەیی دەروازەبانی خۆیەوە کە ئێران‌و عێراق دابەش بن‌و کوردستانێکی لاواز لەگەڵ فارسستانێکی لاواز ساز بێت‌و خۆی ببێتە ھەمان درکەوانی مێژووی بۆ کورد ‌و فارس و ھەموو ناوچەکە، ئینجا کوردی ئێران‌و عێراقیش لە حەیبەتی مووچە‌و ئابووریەکی بێھێز، وا بەردەوام ببنە پشتێنێکی ئەمن بۆ تورکیا لەدژ کوردی تورکیا، ئەمە دقێق ھەمان خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی‌و پ.ک.ک یە. تورکیا گەر عێراق دابەش بێت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت لە رێگەی کوردەوە ئاڵۆزی ناوچەکە بۆ وڵاتی ئێرانیش بۆگۆزێتەوە، کوردی ئێرانیش خۆ ھەمیشە ئامادەی دابەش کردن بووە. (تورکیا ھەرگیز مەجالی بە ھیچ کوردێک نەداوە، بەڵام ساڵی 2013 کۆنفڕاسی بۆ کوردەکانی ئێران گرت؟ بۆ؟ ئەویش لە کاتێکدا کە ئێران لە جیھاندا رواڵەتی باشی نیە‌و خەڵکەکەشی ئاسوودە نین، ئەمە مەزەنترین دەرفەتی مێژووی تورکیایە کە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ھەمان دۆخی دەروازەبانی رەق‌و تەقی رابردووی خۆی.)

بەڵام ھێشتا وڵامەکەمان دەست نەکەوتووە، باشە تورکیا لە 2003 بەم لاوە چی دی کە ئاوا ھەست بەوە دەکات کە ئەفسانەی دەروازەبانی خۆی لە کیس دەچێت؟ ورد بڕوانین لە 2003 بەم لاوە چی روویدا؟ نەوتی ھەرێم بە رێگای ئێراندا بە ئازادی تێپەڕ دەبوو، بێ ئەوەی تەنانەت ئەمریکاش دژی بێت. ئەمە یانی چی؟ یانی داڕوخانی ئەفسانەی دەروازە بوونی تورکیا؟ تورکیا ساڵھایە لەم رێگەوە ھەم نانی نەوتی عێراق دەخوات ھەم کوردی محکەم بەم پشتێنی دەروازە بەستووەتەوە، ئینجا وا بەروونی دی ئێران بووەتوە دەروازە بۆ کورد، ئینجا ئەمریکا‌و جیھانیش ھیچ ناڵێن چون لە بەرژەوەندی ئەواندایە، بەغداش ھیچ ناڵێت، کەواتە ھەر ئەوەندەی بەس بوو ھێڵی نەوتی ھەرێم ببەسترێتەوە بە ھێڵی نەوتی کرمانشان‌و ئینجا بۆ بەیانی نەوتی ھەرێم لە کەنداوی فارس ببوایەت!

تورکیا بە روونی تێگەشتووە کە دابەش‌بوونی ئێران نەک لە بەرژەوەندی کورد-دا نیە کە تەنانەت دابەش بوونی ئێران لە بەرژەوەندی جیھانیشدا نیە، ئەمە یانی چی؟ یانی دابەش بوونی عێراق‌و ئێران‌و سازبوونی کوردستان‌و فارسستانێکی بێ ھێز رێک لە بەرژەوەندی تورکیادایە، بەڵام بەعەکسەوە تورکیا دی لە ھەمان کاتدا رووداوەکان جۆرێک رێک کەوتوون کە ئێران بە ئاسانی ئاوی خواردن دەتوانێت ببێتە قووڵایی ستراتیژیکی ھەموو کوردستان، واتا زۆر ئاسانە کوردستانی سەربخۆ بە پشتیوانی ئێران لە ھەر 3 پارچەکەی دیکە سازببێت.

ھەر بۆیە، تورکیا وەھا بە ناچاری ھەموو درگاکانی لە کورد کردووتەوە تاکوو ئەو کاتەی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە لە رێگەی کوردەوە بگۆزێتەوە بۆ ئێران، ئینجا ئەوکات دووبارە دەبێتە ھەمان دێوەزنە دەروازەبانەکەی جاری جاران، چون کورد و فارس گیرۆدەی پشتێنی تورکی باکوور‌و عەرەبی باشور دەبن‌و ھەتا ھەتایە دەبێت کوردستانی سەربخۆی کوردی عێراق‌و ئێران دژی کوردی تورکیاش بەشەڕ بێت چون ئەم کوردستانە ناچارە مووچە‌و ئابووری خەڵکی خۆی دابین بکات، چون ناچارە خەندەقەکان لە نێوان سنوری کورد-دا لێبدات تاکوو ئەمنیەتی کوردستانی لاوازی قەتیس کراو بپارێزیت!

ئەم کایەی ئێستای تورکیا، گەر کورد بە ھەسیاریەوە مامڵەی لەگەڵ نەکات‌و بۆ دەروازەیەکی قەتیس کراو، قووڵایی ستراتیژیکی خۆی بدۆڕێنێت، کارەساتێکی مێژووی گەورە بۆ کوردساز دەکات. کوردی عێراق دەتوانێت بە تاکتیک لەگەڵ تورکیا مامڵە بکات، بەڵام نەک لەسەر حسابی قووڵایی ستراتیژیکی خۆی(ئێران). کورد دەتوانێت بە ئاشکرا کردنی قووڵایی بوونی ئێران بۆ خۆی، ئێران ھان بدات کە پشتیوانی ستراتیژیکی داھاتووی یەکتری بن نەک کێشە لەگەڵ ئێراندا لەسەر ھیچ‌و پۆچ سازبکات‌و تەنانەت بۆ مادەیەکی سادەی دەستوری(140) ئێران پشتی کورد نەگرێت. با کورد ھێڵێکی نەوتیش لە رێگەی کرمانشانەوە ھەناردەی کەنداوی فارس بکات بۆ وەھا سادە ئەم دەروازە گەورەیە لە قووڵایی ستراتیژیکی خۆیدا لە کیسی خۆی دەدات؟

لە لایەکی دیکەوە کوردیش دەتوانێت بە ھەمان شێوە ببێتە قووڵای ستراتیژیکی ئێران، واتا ئێران لە رێگەی کوردەوە دەتوانێت تاکوو سوریا‌و لوبنان بە ئاسانی ھات‌و چوو بکات، ئەمە بابەتی باسی ئەم یادداشتە نیە.

خاڵی حەوتم: کوردی ئێران
ئینجا خاڵی کۆتایی ئەوەیە کە کوردی ئێران چی بەسەر دێت. ھەوەڵ قسە ئەمەیە؛ بۆ کوردی ئێران فدا دەکەن! یان بڕێ قسەی ئەفسانەیی‌و ھیچ‌و پووچ وەک ئاشبەتاڵ‌و ناھۆمێدی‌و شتی وھا بۆ کوردی ئێران. کێشە ئەوەیە کە ئێمەی کورد ئاوێزانی ئیحساساتین‌و ھەر بەم سانتیمانتاڵیسمەشەوە بیر دەکینەوەو بڕیاریش دەدەین. ئەگینا شطی وەھا لە ئارادا نیە.

یەکەم؛ کوردی ئێران بەم خاڵە گرنگانەی کە ئامژەی پێکرا لە ھەوەڵ ھەنگاودا ئەوە خۆیەتی کە ساڵھایە غەدر لە خۆی دەکات‌ چون ھەر لەم سیکلی پووچی دژە ئێراندا دەخلێتەوەو ھیچی دەست ناکەوێت. لە لایەکەوە واقع ناچاری دەکات دژی ئێران نەبێت، لە لایەکیشەوە جارناجار ئارزووی سەربخۆی ھانی دەدات ماوەیەک کوێستانەکانی بداتە بەر تۆپ‌و دوای ماوەیەکی کورتیش بۆ نموونە بە فڵان بەھانە کە لە راستیدا گرێدراوی ھەمان قووڵای ستراتیژیکی کورد-ئێرانە بڵێت؛ وا جارێ تاکتیکی شەڕی ئێران ناکەم.

دووھەم ئەمە لە راستیدا کوردی ئێرانە کە غەدر لە کوردی ھەر 3 پارچەکەی دیکە دەکات‌و پێ داگری لەسەر ئارەزوویەک دەکات کە تفی سەرباڵایە بۆ خۆیشی چ بگاتە کوردی 3 پارچەکەی دیکە. کەواتە کوردی ئێران چی بەسەر دێت، ناھۆمێد کونجی مەیخانە بگرێتە بەر؟ ئەمە ھەمان کارەساتی بیرکردنەوەی کوردە. کاتێک تۆ لەگەڵ تاراندا وەھا قووڵایەکی ستراتیژیکت ھەیە یانی چی؟ یانی تۆ بە حوکمی بەرژەوەندی ھاوبەش لەگەڵ فارس‌و ئێراندا دەبیتە سەرەکیترین پێکھاتەی حوکم کردن لە ئێراندا واتا کوردی ئێران بە ھۆی ئەم قووڵای ستراتیژیکەوە دەتوانێت بە ئاسانی لە ھەموو دەرفەتەکانی وڵاتەێکی دەوڵەمەندی وەک ئێران بۆ خۆی بە باشترین شێوە کەڵک وەرگرێت.

لە کۆتاییدا ئەم یادداشتە بۆ ئەوە نووسراوە کە کورد بە عەقڵیەتێکی شەفاف‌و بەرژەوەندی خۆیەوە واقع‌و رووداوەکان لێکبداتەوە بۆ ئەوە نیە کە کورد دژی تورک یان عەرەب رەگەزخواز بکات، ھەرچەند تورک‌و عەرەب بە ئاشکراو بارھا سەڵماندوویانە ھیچ بۆیان گرنگ نیە ملەتانی دیکە بکەنە قوربانی بەرژەوەندی خۆیان تەنانەت ئەگەر کوڕەو بکات‌و منداڵی لەسەر سنووردا برسی پاروویەک نان بێت یان تەنانەت گەر سوونەش بی ھەر ئەنفاڵ دەکات.

لە نووسینی: ئەحمەد ئەمانی

تێبینی: چەند ھاوڕیەک نامەیان بۆ ناردووم کە جیھان گۆڕدراوە تورکیا بەرەو دێموكڕاسی دەڕوات‌و مرۆڤ دۆستی، کەواتە تورکیا ئیتر قەت دەروازە لە کورد نابەستێت، باشە برام گەر وایە بۆ ھێشتا کە ھێشتایە تورکیا درکە بەسەر ئەرمنستاندا ناکاتەوە؟ خۆ ئەرمنستان لە ھەرچی وڵاتی ناوچەکەیە دموکڕاتترو ئینسانترە، بڕوانن ھەر ئێشتاش چۆن درکەیان بەسەر ئەرمەنستاندا داخستووە چون ئەوە ستراتیژی قووڵی تورکە چۆن درکە دەکاتەوە! با کورد کاتی خۆی بگات، بزانە چۆن درکەکانی دادەخاتەوە، تەنانەت بۆ پاروویەک نانیش! قەت کورد بڕوای دەکرد شیعەی عێراق وا گەمەی لەگەڵ بکات؟

No comments:

Post a Comment